عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد کە گیرۆدەی نەخۆشیی فتق و تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخەیە، تا ئێستایش لەبەر ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعات لە خزمەتگوزاریی تایبەتمەندی پزیشکی و مۆڵەتی پشووی دەرمانی بێبەش کراوە.

پزیشکی جێمتمانەی پزیشکیی دادی پارێزگای کوردستان دوای لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە ٦٤ ساڵەیە ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری مانەوەی عوسمان ئیسماعیلی لە زینداندا، مەترسیی لەدەستدانی توانای جووڵەی قاچەکانی لە ئارادایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (١٢ی فێبرییەی ٢٠٢٤) بە مەبەستی دەسپێکردنی قۆناغەکانی دەرمان لە زیندانی سەقزەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا، بەڵام جیا لە چەند تاقیکارییەکی سادە هیچ هەنگاوێکی تر بۆ دەسپێکردنی پرۆسەی دەرمانەکەی هەڵنەگیراوە.

ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ (٩ی ئاوریلی ٢٠٢٤) زیندانی ناوەندیی سنە لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ لقی چوارەمی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سەقز ڕایگەیاندووە کە عوسمان ئیسماعیلی چەندین نەخۆشیی جیاوازی لەگەڵە و لەبەر ئەوەی دۆخی جەستەیی بە جۆرێک نییە بتوانێ لە زینداندا بمێنێتەوە، پێویستە مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ بدرێت، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات داواکارییەکەی قبووڵ نەکردووە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا پزیشکی جێمتمانەی پزیشکیی دادی پارێزگای کوردستان دوای لێکۆڵینەوە لە پشکنینە پزیشکییەکان، ڕایگەیاندووە کە مانەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە زینداندا جێی مەترسییە و بە لەبەرچاوگرتنی نەخۆشیی فتق و تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخەی، ئەگەر چارەسەر و خزمەتگوزاریی پزیشکیی بۆ دابین نەکرێت مەترسیی لەدەستدانی توانای جووڵەی قاچەکانی لە ئارادایە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا فیدراسیۆنی جیهانیی کرێکارانی پیشەسازیی خۆراک، کشتوکاڵ و هۆتێلەکان، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاست دۆخی تەندروستیی عوسمان ئیسماعیلیدا، وتوویەتی کە ڕێکخراوەی نێودەوڵەتیی کار دەبێ داوا لە حکومەتی ئێران بکات کە لەگەڵ دابینکردنی دەسبەجێی خزمەتگوزاریی پزیشکیدا، ئەم زیندانییە سیاسییە یەکسەر لە زیندان ئازاد بکات.

عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) بە فەرمانی لقی دووهەمی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادگای سەقز بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دەرمان ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرا، بەڵام بەرپرسانی ئەم زیندانە بە بیانووی ناتەواوبوونی دۆسیەکەی ئامادە نەبوون وەری بگرن و هەر بۆیە سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی سەقز.

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی ناسراو و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٨ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ٧٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢ (١٨ی ژوەنی ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبەر) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرا.

بەپێی ئەو حوکمە، عوسمان ئیسماعیلی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی، بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینیدا، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم جالاکە کرێکارییە دوای ڕاگەیاندنی حوکمەکە بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە دادنامەکە لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە سزاکە گۆڕدراوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران: «دادگا بە سەرنجدان بە هەبوونی هۆکارەکانی دابەزاندنی سزاکان لە مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، لەوانە بارودۆخی تەمەنی ئاغای ئیسماعیلی و خێزانداربوون، بە گەڕانەوە بۆ ئەو مادەیە و هەروەها بۆ مادەی ٦ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩، پەیوەست بە مادەی ٣٧ی یاسای سزادانی ئیسلامییەوە پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، گەورەترین سزای بەندکرانی ناوبراو کەم دەکاتەوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونەکەیەوە».

ئەو حوکمە لە سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە دیوانی باڵای ئێرانیشدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و پێی ڕاگەیەنرا کە دەبێ لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە کاتی تۆمارکردنی بانگهێشتنامەکەوە لە سیستەمی ئەلەکترۆنیی دەزگای دادوەریدا، بۆ جێبەجێکردنی سزاکە خۆی ڕادەستی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان (ئیجرای ئەحکام)ی دادگای سەقز بکات.

عوسمان ئیسماعیلی ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (١١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە ناسراوە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی پشتیوانکردنەوە لە مافەکانی کرێکاران و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە سەقزدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.