ڕۆژی سێشەممە ٣ی گوڵان (٢٣ی ئاوریل) زیندانیی سیاسیی کورد عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندانی ورمێدا لە پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، لە ڕێگای هەڵدانی دەوا و دەرمانەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا.

ئەمە دووهەم حاڵەتی هەوڵی خۆکوشتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ورمێیە کە وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە بەرانبەر گوشار و بێبەشکردنی زیندانیانی سیاسیدا لە مافە یاساییەکانیان ڕوو دەدات. پێشتر و لە رێکەوتی ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (٢٦ی فێبرییەی ٢٠٢٤) شاهین گەلەداری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی «حەکی»ی ورمێ، لەبەر بێبەشکران لە مۆڵەتی پشووی کاتی و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و هەروەها گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکان، لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانەدا خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم زیندانییە سیاسییە کە سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێدەپەڕێنێت، لەبەر کێشەی خێزانی و نەخۆشیی شەکرە (دیابێت) داوای پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیی کردبوو، بەڵام پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانەکە ڕێگای لە قبووڵکردنی داواکارییەکەی گرتووە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دوای دەمەقاڵێیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی زینداندا، لە ڕێگای هەڵدانی حەبەوە هەوڵی خوکوشتنی داوە، بەڵام بە هەوڵی هاوبەندییەکانی لە مردن ڕزگاری بووە. سەربای ئەمەیش، بە هۆی هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکەی زیندان کراوە و دوای پشکنینی پزیشکی و وەرگرتنی چارەسەر گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و دەوترێت ئێستە لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

عەبدولعەیزیز گوڵمحەممەدی پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیدا، مانگرتنی وشک لە خواردنی ڕاگەیاندبوو. پێنج ڕۆژی یەکەمی مانگرتنەکەی ئەم زیندانییە سیاسییە مانگرتنی وشک بوو، بەڵام دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان و بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی، بە وەرگرتنی کانوولە (سیرۆم) کۆتایی بە مانگرتنە وشکەکەی هێنا، بەڵام هاوکات ڕایگەیاند کە تا داواکارییەکەی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنی تەڕ دەدات.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای زیاتر لە مانگێک مانگرتن و لەبەر بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی زیندان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا و دوای چەند حەفتەیەک بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان بە ناچار گەڕایەوە بۆ زیندان.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی ٥٣ ساڵانی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە کاتێکدا کە بە بۆنەی دۆسیەیەکی ناسیاسییەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بوو، لەم زیندانەوە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ئەم شارە.

ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب (مەسعوود) حاجیزادە و کەیوان ڕەشۆزادە کە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» بۆ ماوەی دوو مانگ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی پێشتر هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ ئەم کەسانەدا نەبووە.

دادگای ئەم هاووڵاتیانە دوای ساڵێک مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا، سەرماوەزی ١٣٩٩ (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. دوات تانەدانی عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لەو حوکمە، پاش ماوەیەک سزاکەی لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢١) دوای دەرکردنی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا و دوای ٧ مانگ لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرایەوە.