هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی میلاد جەعفەری، ٢٥ ساڵان، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران کە لە ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەدا (٧ی ئاوریل) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە سڕکەرەکان»ـەوە لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دەستبەسەرگەیەکی ئەم دەزگا سەربازییەدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە. بنەماڵەکەی ڕایان گەیاندووە ناوبراو بە ئەشکەنجە کوژراوە.

کەسێکی نزیکی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕای گەیاند: «میلاد جەعفەری ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە ناوی ئومید لە سێ ڕیانی ئەفسەرییەی تاران لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهییەوە بە شێوەیەکی توندوتیژکارانە دەستبەسەر کرا. دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ و دوای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، لە پزیشکیی دادی کەهریزەکی تارانەوە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گیراوە و داوایان لێ کردوون بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی سەردانی ئەوێ بکەن».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای ئەوەی بنەماڵەکە چوونەتە پزیشکیی دادی کەهریزەک، وێنەکانی تەرمی میلاد جەعفەری نیشانی باوکی دراوە و سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی ئاماژە بە هەندێ هۆکاری جیاوازی وەک «خۆکوشتن» و «بەربوونەوە لە بەرزاییەوە» لە کاتی دەستبەسەرکردندا کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر جەستە و ئاسەواری خوێنلەبەرچوون لەسەر دەموچاوی لە وێنەکاندا دیار بووە.

هەروەها بە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە وتراوە کە تەرمەکە لە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەدا (٨ی ئاوریل) گوازراوەتەوە بۆپزیشکیی دادی کەهریزەک، بەڵام هێزی ئینتیزامی ڕای گەیاندووە کە لە ٢٢ی خاکەلێوەدا (١١ی ئاوریل) گیانی لەدەست داوە.

بنەماڵەی میلاد جەعفەری لەبەر ناڕوونبوونی هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵەکەیان وتوویانە تا پشکنینی پزیشکیی بۆ نەکرێت ئامادە نیین تەرمەکە وەر بگرنەوە.