سەلمان ئولفەتی، مامۆستای خانەنشین و چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵان کە لە ١٤ ڕۆژ لەمەوپێشەوە لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە کرماشاندا مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هاوکات کاناڵی تێلێگرامیی «خرداندیشان زاگرس» که سەلمان ئولفەتی بەڕێوەبەری بووە، لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە داخراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار توانیویەتی لە ڕێی تەلەفۆنەوە بە کورتی پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات، بەڵام مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لەم چالاکە مەدەنییە، لێپرسەوەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕایانگەیاندووە سەلمان ئولفەتی بە مەرجێک ئازاد دەکرێت کە بەڵێننامەی نووسراو واژۆ بکات کە چیدی چالاکیی سیاسی ناکات، بەڵام ئەو وتوویەتی کە ئاوا مەرجێک قبووڵ ناکات.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد کە بنەماڵەکەی زانیارییان بە دەست هێناوە کە سەلمان ئولفەتی لە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گوڵانەوە (٢٤ی ئاوریل) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامیی دەستبەسەربوونی نایاساییدا، لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کرماشان مانی لە خواردن گرتووە.

سەلمان ئولفەتی، مامۆستای خانەنشین، چالاکی مەدەنی و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «خرداندیشان زاگرس»، ڕۆژی هەینی ٢٤ی خاکەلێوە (١٢ی ئاوریل) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شەقامێکی شاری گیەڵانی کرماشاندا دەستبەسەر کرا. ئەم هێزانە هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم مامۆستایەش و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ماڵەکەیان پشکنیوە و خۆیشیان گواستووەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کرماشان.

دەوترێت سەلمان ئولفەتی لە یەکەم ڕۆژانی نەورۆزی ئەمساڵدا و دوابەدوای زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە لایەن چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی گیەڵانەوە، نامەیەکی سەرئاوەڵای ڕەخنەگرانەی دژ بە بەرپرسانی سوپای پاسداران و دامودەزگا ئەمنییەکان بڵاو کردبووەوە.

ئەم مامۆستا خانەنشینە کە ٦٠ ساڵی تەمەنە، پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٢دا (١٥ی مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.