دۆخی تەندروستیی کەیوان ڕەشۆزادە کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە یازدەهەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندایە، بووەتە مایەی نیگەرانییەکی زۆر. نازدار ڕوودساز، دایکی ئەم زیندانییە سیاسییە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی تەندروستیی کوڕەکەی، ڕایگەیاندووە کە کەیوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە ئەشکەنجە دراوە.

کەیوان ڕەشۆزادە ڕۆژی شەممە ٨ی گوڵان (٢٧ی ئاوریل) لە دەیەمین ڕۆژی مانگرتندا لە ژووری تاکەکەسییەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ئەمنی ئەم زیندانە و ڕۆژی یەکشەممە دوای ئەوەی ڕایگەیاندووە کە مانگرتنەکەی دەگۆڕێت بۆ مانگرتنی وشک، سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

نازدار ڕوودساز لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی و لە کاتێکدا کە منداڵە وردەکەی ئەم زیندانییە سیاسییەی لە باوەش گرتووە، دەڵێت: «من دایکی کەیوان ڕەشۆزادەم. سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاندووە، ٥ ساڵ لە ماوەی سزاکەی تێپەڕاندووە بەڵام کەس ئاوڕ لە بارودۆخی ناداتەوە. سەردانی دادوەری چاودێر دەکەم هیچ بۆی گرنگ نییە، دەچمە ئیدارەی ئیتلاعات دەڵێن ئاگامان لێ نییە و دەستێوەردان لەو بابەتەدا ناکەین. سەرۆکی زیندان و دادوەری چاودێر ئاگایان (لە بارودۆخی) هەیە. چەندین ڕۆژە کوڕەکەم بەدواداچوون بۆ کارەکەی خۆی دەکات بەڵام بەرپرسانی زیندان ئەشکەنجەیان کردووە، هێزەکانی گاردی زیندان دەست و پێیان بەستووەتەوە و لێیان داوە. مل و سەر و دەستیان شکاندووە، لەو کاتەوە ئاو و خۆراکی نەخواردووە، باوکی کەیوان نەخۆشە، خودی کەیوانیش خۆ لە زیندانە، دایکی ئەم منداڵەیش نەخۆشە… هیچ سەرپەرستێکمان بۆ نەماوەتەوە، ئێمە بێتاوانین، کەس ڕەنجی ئێمە نابینێت، نازانین چی بکەین…».

کەیوان ڕەشۆزادە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا (ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) تا ئێستا تەنها ساڵی ڕابردوو یەک جار بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا و لەو کاتە بەدواوە لە مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زیندانی ورمێ بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن ئەو هێزانەوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. هەمان ڕۆژ سەرلەنوێ براوەتە حەوشەی سەرەکیی زیندان و بە دەستووری بەرپرسانی زیندان لە لایەن هێزەکانی گاردەوە بە باتۆم ئەشکەنجە دراوەتەوە.

کەیوان ڕەشۆزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب (مەسعوود) حاجیزادە و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە دوای ساڵێک مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا، سەرماوەزی ١٣٩٩ (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمی کەیوان ڕەشۆزادە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمیدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیاندا و گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی زیندانیان لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت. کەیوان ڕەشۆزادە لە جۆزەردانی ١٤٠١یشدا (ژوەنی ٢٠٢٢) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، لێوەکانی دوورییەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو.