هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەست کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانەوە (١٢ی ژوەن) دوابەدوای ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزەکانی زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گواستراوەتەوە، بەبێ ئەوەی خزمەتگوزاریی پزیشکیی بۆ دابین بکرێت، هێشتا لە بەندی ئەمنی ئەم زیندانەدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئەم زیندانییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەرداندا (١٢ی ژوەن) بە دەستووری مورتەزا محەممەدی، بەرپرسی تیپی یەکی زیندانی تارانی گەورە، چەندین کەس لە ئەندامانی هێزەکانی زیندان هادی ڕوستەمییان دایە بەر لێدان و ئەشکەنجەی قورسەوە کە لە ئەنجامدا ددانێکی شکاوە و قەفەسەی سینگ و لووتیشی بە قورسی زەبری بەر کەوتووە».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەیشی زیاد کرد کە دوای ئەشکەنجە و لێدانەکە، ئەم بەندکراوە لە زیندانی تارانی گەورەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کرا و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەبێ مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە لەوێ ڕاگیرابوو. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم بەندکراوە لە ژووری تاکەکەسییەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ئەمن و بە درێژایی ئەم ماوەیە و سەرەڕای ئەو زەبرەی بە هۆی لێدانەکەی هێزەکانی زیندانەوە بەری کەوتووە، مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی لێ زەوت کراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی هادی ڕوستەمی لە گوندێکی دووری پارێزگای ئیلامەوە سەردانی تارانیان کردووە و داوای یاساییان لەسەر مورتەزا محەممەدی، بەرپرسی تیپی یەکی زیندانی تارانی گەورە و هەروەها فەرمانبەرێکی ئەم زیندانە بە ناوی جەواد مورادی لەبەر لێدان و ئەشکەنجەکردنی هادی تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک بۆ داواکەیان نەکراوە.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ئەوەیشی زیاد کرد کە بە هادی ڕوستەمی و هەردوو هاودۆسیەکەی تری، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند کە لە زیندانی تارانی گەورەدان، ڕاگەیەنراوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەبرێنەوە بۆ زیندانی ورمێ. هەروەها داوایان لێ کراوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ زیندانی ورمێ دەبێ تێچووی هاتوچۆکە دابین بکەن و ڕادەستی زیندانی بکەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش باسیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی لانیکەم ٨ زیندانیی بەندکراو لە زیندانی تارانی گەورە کردبوو.

هادی ڕوستەمی لە سەرەتای جۆزەردانی ئەمساڵدا (کۆتاییەکانی مانگی مەی) لەگەڵ هاودۆسیەکەی تریدا بە ناوی مێهدی شاهیوەند بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گواستنەوەیاندا لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە بۆ زیندانی تارانی گەورە و نادیاربوونی چارەنووسیان لە زینداندا، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

هادی ڕوستەمی ٣٥ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی ئیلام لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لە شاری ورمێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان دەستبەسەر کرا.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».
ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.
ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.