بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢١ی گەڵاڕێزان (١٢ی نۆڤامبر) سێ هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی فواد نەجەفیان، بەهرام نەجەفیان و گەشتیار نەجەفیان دوای نزیکەی دوو حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کراون.

ئەم هاووڵاتییانە نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش و لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە مەیدانی ئێقباڵ (ئازادی)ی سنە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران. ئەوان دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی سپای پاسداران کران و لە قۆناغی لێپرسینەوەدا بە قورسی خرانە ژێر ئەشکەنجەوە.

دەوترێت ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە حەفتەی ڕابردوو گوازرانەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنە و ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیانەوە دیار بووە.

لە سەرەتای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینییەوە و دوابەدوای دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان، بنەماڵەی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی سنە باس لە ئەشکەنجەدانیان لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا دەکەن. بە وتەی ئەم بنەماڵانە، هێزەکانی سەر بەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراویان ڕووت کردووەتەوە و ئاویان لێ گرتوون، ئینجا بە باتۆم و شۆکەری کارەبا ئەشکەنجەیان داون.