تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە سامان یاسین (سەیدی)، گۆرانیبێژی ڕەب و دیسلاڤی خەڵکی کرماشان، لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە مافی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە و هەموو هەوڵەکانی پارێزەرە ڕاسپێردراوەکانی بنەماڵەی بۆ دیدارکردن لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییەدا و وەرگرتنی وەکالەت لێی، بێئەنجام بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش ئەم گۆرانیبێژە ڕەپە بە ناکاو لە زیندانی ئێڤینەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد کە بەرپرسانی دادگا تا ئێستا بە بیانووی «ئەمنیبوون»ی دۆسیەکەوە ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیک لەمەڕ دوایین بارودۆخی دۆسیەکە بدەن و تەنها وتوویانە کە بۆ پیاچوونەوە نێردراوەتە بەردەم دیوانی باڵای ئێران.

ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی سەرماوەز (٧ی دێسامبر) دایکی ئەم هونەرمەندە کوردە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کراوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی منداڵەکەی داوای پشتوانی و یارمەتیی کردووە. ناوبراو لە بەشێکی ئەم پەیامەدا دەڵێت: «لە کوێی دونیا بینیوتانە بۆ زبڵدانێک گیانێکی خۆشەویست بستێنن، کوڕەکەی من هونەرمەندە. بە هانای کوڕەکەمەوە بێن، بگەنە دادی با سەری نەچێتە سەر دار».

سەرەتای سەرماوەز (کۆتایی نۆڤامبر) تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگاداردا باسی لەوە کردبوو کە سامان یاسین لە کاتی دەستبەسەربووندا بە قورسی ئەشکەنجە دراوە. بەندکردنی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە شوێنێکی زۆر سارددا، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس و هەڵدانە خوارەوە لە شوێنێکی بەرزەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت ناوبراو لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

سامان یاسین ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەڵاڕێزان (٩ی نۆڤامبر) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست قەدەغەبوونی دیداری بنەماڵە و هەروەها نادیاربوونی بارودۆخی خۆی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە زیندانی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرت. لە دووهەم ڕۆژی مانگرتنەکەدا لە دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤینەوە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گیراوە و ئەوان توانیویانە دیدارێکی کابینی (لە پشتی شووشەوە) لەگەڵ ساماندا بکەن. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزیش (٢٤ی نۆڤامبر) توانیی بۆ دووهەم جار لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە دیداری کابینی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بکات.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبر) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان سەیدییشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

بەڕێوەچوونی دادگا بە تۆمەتی «موحارەبە»وە و بڵاوکردنەوەی دانپیانانە زۆرەملێیەکانی سامان یاسین، بوو بە مایەی نیگەرانیی بنەماڵە و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئەگەری سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەم هونەرمەندە و تۆمەتبارانی دیکەی ناو ئەو دادگایەدا.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبر) دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا برایە دادسەرای ئەمنییەت لە زیندانی ئێڤین و پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانی فەشافوویە. ناوبراو دوای نزیکەی دوو حەفتە مانەوە لە زیندانی فەشافوویە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرا و ئێستەیش دە ڕۆژە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.