بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی شەهریار عادڵی، ٢٧ ساڵان، بە هۆی ئەشکەنجەدرانەوە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، دوای ئازادبوونی کاتی بە بارمتە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزدا (٢٢ی نۆڤامبر) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەردەشتدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربووندا لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئەم دەزگا ئەمنییەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە.

شەهریار عادڵی لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز (٣ی دێسامبر) و لە حاڵێکدا کە بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە کەوتبووە دۆخێکی سەختی جەستەییەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە دوای ئازادبوون بە هۆی خوێنلەبەرچوونی ناوەکییەوە لە نەخۆشخانەی سەردەشت خەوێنرا و لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزدا (٨ی دێسامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

دەوترێت ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت دوای ئاگاداربوونەوە لە گیانبەختکردنی ئەم هاووڵاتییە لە نەخۆشخانەدا، هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە دەبێ بڵێن تووشی وەستانی دڵ بووە.

بەپێی ئەو دیمەنانەی کە لە تەرمی ئەم هاووڵاتییە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی دیارە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، تا ئێستا لانیکەم ١١٦ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ١٢ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵ بوون.