حوکمی لەسێدارەدانی سامان یاسین (سەیدی)، گۆرانیبێژی ڕەپ و دیسلاڤی خەڵکی کرماشان کە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدایە، لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردوویەتەوە بۆ بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە.

لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ئەو ڕاگەیەنراوە.

ئەم هونەرمەندە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزدا (٢٠ی دێسامبر) بە هۆی دۆخی قورسی هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر (٣٠ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دادسەرای ئەمنییەت لە زیندانی ئێڤین و پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانەکانی فەشافوویە و ئێڤین. لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبر) و دوابەدوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان، سامان یاسین بە شێوەی کتوپڕ و چاوەڕاننەکراو لەگەڵ دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامی دیکەدا بە ناوەکانی موحسێن شکاری و محەممەد برەوغەنی گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبر) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کراوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و لە خودی دادگاکەیشدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ زەوت کراوە و ئەو پارێزەرەیش کە هەنووکە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دیاری کراوە، بە بیانووی ئەمنیبوونی دۆسیەکە تا ئێستا مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیە و دەسپێکردنی ئەرکی پارێزەریی پێ نەدراوە.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت ناوبراو لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.