مامۆستا سەیفوڵڵا حسەینی، بەرنوێژی مزگەوتی خاتەمولئەنبیای شاری جوانڕۆ و ئەندامی شۆرای ڕێبەریی مەکتەب قورئانی کوردستان، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلا ئایینییەکانی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە جووڵانەوەی ئایینیی مەکتەبی قورئانی کوردستاندا، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «تێکدانی ئارامیی گشتی»، «هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە گشتی سزای ١٧ ساڵ بەندکران، ٧٤ قامچی، داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیلی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی تێلێگرامیی مەکتەب قورئانی کوردستان، ٦ ساڵ لەم سزایە بە هۆی ئەندامبوونی ئەم مامۆستا سوننەیەوە لە جووڵانەوەی ئایینیی مەکتەب قورئانی کوردستاندا، ١٥ مانگ بەندکران بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، ٦ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی «هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات»، دوو ساڵ و نیو بەندکران بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» و ١٥ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچییش بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» دەرکراوە.

مامۆستا سەیدسەیفوڵڵا حسەینی لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (١٣ی دێسامبری ٢٠٢٢) دوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە جوانڕۆ دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی توندوتیژیدا ئەم ماۆستا کوردە سوننەیان دەستبەسەر کرد و تەنانەت دەستی هاوژینی مامۆستایش بە هۆی زەخت و لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە شکا.

بە وتەی مەکتەب قورئانی کوردستان، مامۆستا سەیدسەیفوڵڵا حسەینی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی هەمەداندایە.