لە حەفتەکانی ڕابردوودا لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، سزای لەسێدارەدانی سەپاندووە بەسەر پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ورمێدا بە ناوەکانی نەسیم نەمازی، وەفا هەنارە، ئارام عومەری، ڕەحمان پەڕحازوو و مەنسوور ڕەسوولی. ئەم هاووڵاتییانە تۆمەتبار کراون بە «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل».

ئەم دادگایە هەروەها هەر بە هەمان تۆمەت سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی سەپاندووە بەسەر پێنج هاووڵاتیی دیکەیشدا بە ناوەکانی ئەمیر موشتاق گەنگچین، فەخرەدین دوودکانلووی میلان، ئەشکان عوسماننژادی گەندووک و حەسەرن عومەرپوور.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم هاووڵاتییانە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم ١٠ هاووڵاتییەی خەڵکی ورمێ لە نێوان چەند مانگدا، لە پاییزی ١٤٠٠ـەوە تا خاکەلێوەی ١٤٠١ (سێپتامبری ٢٠٢١ تا مارسی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و هەرکامەیان بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» خرانە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم هاووڵاتییانە لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و هەروەها دەستدرێژیکردنە سەر ئەندامانی تری بنەماڵەکانیاندا، ناچار بوون بە زۆر ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن، بەڵام لە دادگادا وێڕای ڕەتکردنەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی لێپرسەوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا ئەشکەنجە دراون.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «یەکێک لەم کەسانە مەنسوور ڕەسوولییە کە ئەندامی سپای پاسدارانی ورمێیە و ساڵی ڕابردوو سایتە دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندبوو کە لە لایەن گرووپێکی سەر بە مووسادەوە ڕفێنراوە و دانپیانانە زۆرەملێیەکانی بڵاو کراوەتەوە».

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە ڕەوتی دادگاییکردنی ئەو کەسانە وتی: «کۆبوونەوەی دادگای ئەم ١٠ هاووڵاتییە لە دوو کۆبوونەوەی جیاواز و لە لقی سێهەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەڕێوە چوو، دادگاکە لە حاڵێکدا بەڕێوە چوو کە هەندێ لەم هاووڵاتییانە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کرابوون، سەرەڕای ئەمەیش دادگا بڕیاری تاوانباربوونی لەسەر دەرکردن. حوکمەکە لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەم بەندکراوانە ڕاگەیەنراوە».

حەفتەی ڕابردوو ئارام عومەری، ڕەحمان پەڕحازوو، ئەمیر موشتاق گەنگچین، فەخرەدین دوودکانلووی میلان و ئەشکان عوسماننژاد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سەپاندنی نادادپەروەرانەی سزای لەسێدارەدان و بەندکراندا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانیان لە خواردن گرت. ئەم بەندکراوانە کە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، ڕۆژی ڕابردوو و دوای دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بە شێوەی کاتی کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا و گەڕێنرانەوە بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی.