بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مێهدی عیرفانی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی قوروەی پارێزگای کوردستان کە ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە (١٥ی ئاوریل) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە قوروە دەستبەسەر کرا، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنەدایە و لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە کە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز بووە، وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە تایبەتەکانی و لەوانە مۆبایل، لەبتاب، کتێب و یادداشتەکانیدا گرتووە.

تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.