بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سوهراب ئاوێزکەن، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن دادگای شۆرشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» سزای ٣ ساڵ بەندکران و ٣ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری زەنجانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زیندانی مەهاباد بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەنراوە.

سوهراب ئاوێزکەن لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مەهاباددا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری ورمێ.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستایش لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کراوە.

سوهراب ئاوێزکەن دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.