ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) لانیکەم شەش هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی خزر محەممەدپوور، عەبدولڕەحمان قەیتەران، سەدرەدین قەیتەران، محەممەد مەحموودفەقێ، حەبیب خوشنوود و جەمال ڕەسوولزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو برای خەڵکی گوندی «کانی مەلا»ی پیرانشار بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران و بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

هاوکات دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە بە ناوەکانی حەبیب خوشنوود و خزر محەممەدپوور لە گوندی «شنۆزەنگ» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی ئەم شەپۆلی دەستبەسەرکردنەدا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «خورینج»ی پیرانشاریش بە ناوەکانی محەممەد مەحموودفەقێ و جەمال ڕەسوولزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەم هاووڵاتییانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون و تا ئێستە لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا (٢١ی ئاوریل تا ٢١ی مەی) لانیکەم ٣٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.