لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی هونەرمەندی کورد ساسان چەمەنئارا کە پێشتر لە لایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە دەر کرابوو، لە لقی ٣٦ی دادگای پیاچوونەوەی تاراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٢ی جۆزەردان (١٢ی ژوەن) لقی یەکەمی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ناوچەی ٢٣ی تاران دوای پەسەندکرانی حوکمەکە لە دادگای پیاچوونەوەی تاراندا، ئەم هونەرمەندە کوردەی بۆ جێبەجێکردنی سزاکە بانگهێشت کردووە.

ساسان چەمەنئارا، هونەرمەندی کوردی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران، لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزەری ١٤٠١دا (٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە تاران دەستبەسەر کرا. ئەم هونەرمەندە ماوەی ٢١ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی وەزارەتی ئیتلاعات لەژێر لێپرسینەوەدا بوو و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کرا.

ساسان چەمەنئارا لە بەرفرانباری ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەیدعەلی مەزڵووم بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم هونەرمەندە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەنداندا (٢٤ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی ٩٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ساسان چەمەنئارا لە ساتی دەستبەسەرکراندا کەوتبووە بەر پەلامار و لێدانی قورسی لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە و تا کاتی بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی دادگایش مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ زەوت کرابوو.