ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی پووشپەڕ (٢٨ی ژوەن) نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لەسەر فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ٣ی ئەم زیندانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ٧ی پووشپەڕ (٢٨ی ژوەن) بەرپرسانی زیندان چوونەتە ناو بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەنددیی ورمێ و بە نایب عەسکەرییان ڕاگەیاندووە کە بە دەستووری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆی نییە چیدی لە بەندی زیندانیانی سیاسیدا بمێنێتەوە. سەرەڕای ناڕەزایەتیی ئەم زیندانییە، هێزەکانی زیندان ناوبراویان گواستووەتەوە بۆ بەندی ٣ کە شوێنی ڕاگرتنی ئەو بەندکراوانەیە کە هێشتا چارەنووسیان دیاری نەکراوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ سەر زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ زیادی کردووە و ئەم دەزگا ئەمنییە لە ڕێگای نووسینگەکەی خۆیەوە لە ناو زینداندا دوای بانگهێشت و لێپرسینەوە لە زیندانیانی سیاسی، هەڕەشەی ددورخستنە بۆ زیندانی شارەکانی تری لێ کردوون.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییەدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. 

نایب عەسکەری کە لە چەند ساڵ پێش دەستبەسەرکردنەوە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) بە شێوەی غیابی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو. دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە حوکمەکە، سزای لەسێدارەدان هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە و ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەدا (١٥ی ئاوریل) بە شێوەی فەرمی لە زینداندا پێی ڕاگەیەنرا. 

نایب عەسکەری پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە و بە شێوەی غیابی هەر بەم تۆمەتە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو کە دوای تانەلێدان، حوکمەکە هەڵوەشایەوە و ڕادەستی بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانییانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامە حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٦ی جولایی ٢٠٢١) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نەدانی مۆڵەتی یاسایی بە مەبەستی هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکاریی پێویست، بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.