سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان کە پاییزی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی شەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢٢ی جولای) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی (ئەمین ئاباد) لە شاری ڕەی کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم هونەرمەندە کوردە ڕۆژی شەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢٢ی جولای) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی لە شاری ڕەی.

خەواندنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی لە حاڵێکدایە کە ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا کونی لووتی چەپی هەڵدڕاوە، بەڵام تا ئێستایش لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە. 

سامان یاسین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی دەنگی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕایگەیاندبوو کە ماوەی ١٠ مانگە بەبێ ئەوەی چارەنووسی دیاری بکرێت لە زینداندایە و بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی مافی دیاریکردنی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیشی لێ زەوت کراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین و پاشان ڕەوانەی زیندانەکانی فەشافوویە و ئێڤین کرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە چەندین جار لە نێوان زیندانەکانی ئێڤینی تاران و ڕەجایی شاری کەرەجدا هاتوچۆی پێ کراوە. لە دواهەم جاردا ڕۆژی ٨ی ڕەشەمە (٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) دوای مانگێک مانەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کرا و لە زیندانی ئێڤیندا پێی ڕاگەیەنرا. 

لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) و دوابەدوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان، سامان یاسین بە شێوەی کتوپڕ و چاوەڕاننەکراو لەگەڵ دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامی دیکەدا بە ناوەکانی موحسێن شکاری و محەممەد برەوغەنی گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج. موحسین شکاری دوای ٧٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە سێدارە درا.

لە سەرەتای بەفرانباری ١٤٠١دا (کۆتاییەکانی دێسامبری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردیە بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە. لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ئەو ڕاگەیەنراوە.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت ناوبراو لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

ناوبراو هەروەها تا ئێستا چەندین جار وەک ناڕەزایی لە ئاست دۆخی قورسی مانەوەی لە زینداندا و نادیارمانەوەی دۆسیەکەی مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دۆخی قورسی راگیران لە هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و باشبوونەوەی ڕێژەیی تەندروستی ڕەوانەی بەندی سیاسیی ئەم زیندانە کرا.