سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان کە ڕۆژی شەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢٢ی جولای) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی (ئەمین ئاباد) لە شاری ڕەی کرابوو، دوای ٤ ڕۆژ خەواندنی ئیجباری لەم نەخۆشخانەیەدا، گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم هونەرمەندە کوردە شەوی سێشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٥ی جولای) دوای ٤ ڕۆژ خەواندنی ئیجباری لە نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین ئاباد (ڕازی) گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

دەوترێت دوای ئەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە ئامادە نەبووە مل بە دەرزیوەشاندن لە لایەن فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکەوە بدات، لە حاڵێکدا کە بە پێبەند بە تەختەکەوە بەسرابووەوە کەوتووەتە بەر پەلامار و لێدانی هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەوە.

خەواندنی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییە لە نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین ئابادی شاری ڕەی دوای ئەوە ڕووی دابوو کە دەنگێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە دوایین بارودۆخی خۆی بڵاو کرایەوە.

سامان یاسین چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی دەنگی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕایگەیاندبوو کە ماوەی ١٠ مانگە بەبێ ئەوەی چارەنووسی دیاری بکرێت لە زینداندایە و بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی مافی دیاریکردنی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیشی لێ زەوت کراوە.

هەروەها گواستنەوەی ئەم هونەرمەندە زیندانییە بۆ نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین ئاباد لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا کونی لووتی چەپی هەڵدڕاوە، بەڵام تا ئێستایش لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین و پاشان ڕەوانەی زیندانەکانی فەشافوویە و ئێڤین کرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە چەندین جار لە نێوان زیندانەکانی ئێڤینی تاران و ڕەجایی شاری کەرەجدا هاتوچۆی پێ کراوە. لە دواهەم جاردا ڕۆژی ٨ی ڕەشەمە (٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) دوای مانگێک مانەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کرا و لە زیندانی ئێڤیندا پێی ڕاگەیەنرا. 

لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) و دوابەدوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان، سامان یاسین بە شێوەی کتوپڕ و چاوەڕاننەکراو لەگەڵ دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامی دیکەدا بە ناوەکانی موحسێن شکاری و محەممەد برەوغەنی گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج. موحسین شکاری دوای ٧٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە سێدارە درا.

لە سەرەتای بەفرانباری ١٤٠١دا (کۆتاییەکانی دێسامبری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردیە بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە. لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ئەو ڕاگەیەنراوە.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت ناوبراو لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

ناوبراو هەروەها تا ئێستا چەندین جار وەک ناڕەزایی لە ئاست دۆخی قورسی مانەوەی لە زینداندا و نادیارمانەوەی دۆسیەکەی مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دۆخی قورسی راگیران لە هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و باشبوونەوەی ڕێژەیی تەندروستی ڕەوانەی بەندی سیاسیی ئەم زیندانە کرا.