بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٣ی ڕەزبەر (٢٥ی سێپتامبەر) بەندکراوێک بە ناوی فەرزین نووری کە لە نزیکەی ٤ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر و لە زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، لە لایەن هێزەکانی ئەم زیندانەوە بە قورسی ئەشکەنجە دراوە و گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

دەوترێت بەرپرسانی زیندان دەستووریان داوە ئەم بەندکراوە لە بەندی یەکەوە بگوازرێتەوە بۆ بەندی ٤، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی فەرزین نووری. بەڵام دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزاییەکەی، لە لایەن چەندین ئەندامی هێزەکانی گاردی زیندانەوە لە بەشی ناوخۆی زیندانەکەدا بە کێبڵ و باتۆم ئەشکەنجە دراوە. ئەم بەندکراوە سەرەڕای ئەوەی سەری خوێنی لێ چووە گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

فەرزین نووری کە لە دۆخێکی ناجێگیری جەستەییدایە، لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە و بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان لە دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەیش بێبەش کراوە.

ئەم زیندانییە لە حاڵێکدا دەگوازرێتەوە بۆ بەندی ٤ کە نزیکەی ٤ حەفتە پێش وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ئەم فەرمانەدا هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای ئەو هەوڵە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرابوو و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لەو نەخۆشخانەیەدا، گەڕێنرابوویەوە بۆ زیندان.

فەرزین نووری، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ورمێ، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.