بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٨ی ڕەشەمە (٢٧ی فێبرییە) سێ بەندکراو بە ناوەکانی عەلی دوودکانلوو، ڕامین شێرزاد و جەلال تاهیری کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)یان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون.

بەرپرسانی زیندان بەم بەندکراوانەیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر نەتوانن ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراوەکان وەربگرن، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە سێدارە دەدرێن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی لانیکەم سێ بەندکراوی کوردی دیکە کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)یان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی ئیلام و سنە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، موسلیم مورادی لە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەدا (٢٠ی فێبرییە) لە زیندانی ناوەندیی سنە، محەممەدڕەسوول چەولەکی لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمەدا (٢٢ی فێبرییە) لە زیندانی ناوەندیی ئیلام و حەمید ڕەحیمی لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەدا (٢٦ی فێبرییە) لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە دراون.