ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبەر) دوو بەندکراو بە ناوەکانی فەتحوڵڵا ڕەشنۆ و وەحید کاکاوەند کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا بە بنەماڵەی ئەم دوو بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە کە بەرەبەیانی سبەینێ هەردووکیان لە سێدارە دەدرێن.

پێشتر و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەردا (١٧ی ئۆکتۆبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی یاسر گوڵزەردیان و سەجاد مورادی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرابوو.