ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەز (٢٥ی نۆڤامبەر) بنەماڵەی ئەیوب کەریمی، زیندانیی مەزهەبیی مەحکووم بە ئێعدام، بۆ دوایین دیدار بانگهێشتی زیندانی قزلحەساری کەرەج کران. نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم زیندانییە مەزهەبییە توانیویانە دوادیدار لەگەڵ ئەیوب کەریمیدا بکەن و هەردەم مەترسیی دەسبەجێ لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە لە ئارادایە.

ڕۆژی ١٤ی گەڵاڕێزانی ئەمساڵ (٥ی نۆڤامبەر) قاسم ئابستە، یەکێکی تر لە هاودۆسیەکانی ئەم زیندانییە مەزهەبییە، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەز (٢٥ی نۆڤامبەر) بنەماڵەی ئەم زیندانییە مەزهەبییە دوای بانگهێشتکران بۆ دوایین دیدار لە مەهابادەوە چوونەتە کەرەج و توانیویانە لە زیندانی قزلحەساردا بۆ دواهەم جار دیداری لەگەڵدا بکەن».

بە گوێرەی هەندێ هەواڵی پشتڕاستنەکراوە پێدەچێ بەرەبەیانی سبەینێ ئەم زیندانییە لە سێدارە بدرێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبەر) و لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، باسی لە مەترسیی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە و ٥ زیندانیی مەزهەبیی دیکەی بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی کردبوو کە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

پێشتر لە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩دا (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٠) لقی ٣٨ی دیوانی باڵای ئێران داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارەی ئەم زیندانییە مەزهەبییانەی ڕەت کردبووەوە.

ئەیوب کەریمی لەگەڵ ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی و قاسم ئابستەدا لە مەودای نێوان ناوەڕاستی سەرماوەز تا سەرەتای ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (دێسامبەری ٢٠٠٩ تا ژانڤییەی ٢٠١٠) لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کران و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی ئەم زیندانەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. ئەم بەندکراوانە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١ (١٣ی ئاوریلی ٢٠١٢) گوازرانەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لانیکەم ٤ کەس لەم زیندانیانە لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی نامەی سەرئاوەڵا باسیان لە ئەشکەنجەدانی خۆیان لە قۆناغی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا کردووە.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە.

دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) ئەم ٧ زیندانییە جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپایەوە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە پووشپەڕی ١٣٩٨ (جولایی ٢٠١٩) و لە دۆسیەیەکی جیاوازدا، لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی ورمێوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی مامۆستایەکی ئایینیی سوننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا دادگایی کران. بەپێی حوکمێک کە پووشپەڕی ١٣٩٩ (جولایی ٢٠٢٠) بەم زیندانیانە ڕاگەیەنرا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» هەرکامە سزای ١٠ ساڵ بەندکران و کامران شێخەیش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بەسەردا سەپا.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.