ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار (٢٨ی دیسامبەر) ٤ بەندکراو بە ناوەکانی نەسیم نەمازی، وەفا هەنارە، ئارام عومەریی بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو کە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو (فێبرییەی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون. لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی ئەم ٤ بەندکراوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوە و ئێستا مەترسیی لەسێداەرەدانی خێرایان لە ئارادایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دوابەدوای گواستنەوەی ئەم ٤ بەندکراوە بۆ ژووری تاکەکەسی، بنەماڵەکانیان توانیویانە دوادیداریان لەگەڵ بکەن.

دەوترێت لە ڕۆژانی ڕابردوودا لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی ئەم ٤ بەندکراوەی وەک خۆی پەسەند کردووەتەوە و سزای لەسێداەرەدانی تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکە بە ناوی مەنسوور ڕەسوولیی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەندامێکی بنەماڵەی یەک لەم زیندانیانە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «پارێزەرانی ئەم بەندکراوانە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەیان کردووە و گواستنەوەی ئەم زیندانیانە بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە و بە دەستووری دامودەزگا ئەمنییەکانی تاران بووە».

لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٦ی فێبرییەی ٢٠٢٣) ئەم چوار هاوواتییە لەگەڵ مەنسوور ڕەسوولی، لە ئەندامانی پێشووی سوپای پاسداران، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

ئەم ٥ هاووڵاتییە لەگەڵ ٥ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ورمێدا بە ناوەکانی کامران هەنارە، فەخرەدین ددودکانلووی میلان، ئەشکان عوسماننژاد گەندووک، حەسەن عومەرپوور و ئەمیرموشتاق گەنگچین لە نێوان چەند مانگدا، لە پاییزی ١٤٠٠ـەوە تا خاکەلێوەی ١٤٠١ (سێپتامبری ٢٠٢١ تا مارسی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و هەرکامەیان بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» خرانە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

بەپێی فایلێکی دەنگیی ٢ کەس لەم زیندانیانە کە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، ئەم ١٠ هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و هەروەها دەستدرێژیکردنە سەر ئەندامانی تری بنەماڵەکانیاندا، ناچار بوون بە زۆر ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن، بەڵام لە دادگادا وێڕای ڕەتکردنەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی لێپرسەوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا ئەشکەنجە دراون.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ١٠ هاووڵاتییە لە دوو کۆبوونەوەی جیاواز و لە لقی سێهەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەڕێوە چوو، دادگاکە لە حاڵێکدا بەڕێوە چوو کە هەندێ لەم هاووڵاتییانە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کرابوون، سەرەڕای ئەمەیش دادگا بڕیاری تاوانباربوونی لەسەر دەرکردن. 

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٣) ئارام عومەری، ڕەحمان پەڕحازوو، ئەمیر موشتاق گەنگچین، فەخرەدین دوودکانلووی میلان و ئەشکان عوسماننژاد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سەپاندنی نادادپەروەرانەی سزای لەسێدارەدان و بەندکراندا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانیان لە خواردن گرتبوو.