لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی تورکیا بە ناوی حاتەم ئۆزدەمیر دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوون لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی «خۆی»ـەوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دواکۆبوونەوەی دادگای حاتەم ئۆزدەمیر لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵدا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆی بەڕێوە چوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمە (١٥ی مارس) بە شێوەی ڕەسمی پێی ڕاگەیەنراوە کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «ئێوارەی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی ژولایی ٢٠١٩) گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئۆزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دوای دەستبەسەربوون گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ».

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژدا (١٩ی ئاگۆست) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە (٧ی مارس) زیندانییەکی سیاسیی کوردی دیکە بە ناوی فیرووز مووسالوو دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.