تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوە (٢٩ی مارس) شاکر بێهرووز، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ورمێ، بە بیانووی دیداری حوزووری بانگهێشت کراوە بۆ نووسینگەی پاسەوانی و لەوێوە ڕەوانەی بەندی ٢ کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییەیش بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ناڕەزایی لە بەرانبەر گواستنەوەیدا لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبییەوە بۆ بەندی ٢ مانی لە خواردن گرتووە.

هاوکات زیندانیی سیاسیی کورد نایب عەسکەری، دوای دەمەقاڵە لەگەڵ پاسەوانەکانی زینداندا بە مەبەستی تەمێکردن لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبییەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی زیندان.

لە چەند مانگی ڕابردوودا و دوابەدوای گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بۆ بەندە سەرووئەمنییە تازەکەی زیندانی ناوەندیی ورمێ، گوشاری سەر زیندانییەکانی ئەم بەندە پەرەی سەندووە و ئیمکانی بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، دیداری بنەماڵە و… بە تەواوی بەرکورت کراوەتەوە.

شاكر بێهروز، هاووڵاتیی خه‌ڵكی ورمێیه‌ و‌ پاییزی ١٣٩٧ (٢٠١٨) دوای وه‌رگرتنی ئه‌ماننامه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆی به‌ ئیداره‌ی ئیتلاعات ناساند‌ و دوای ١٤ ڕۆژ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد كرا. سێ مانگ دوای ئازادبوونه‌كه‌ی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی به‌فرانباری هه‌مان ساڵدا (١٨ی ژانڤییەی ٢٠١٩) بۆ جارێکی‌تر لە لایەن هێزه‌كانی پاراستنی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە‌ به‌ تۆمه‌تی «كوشتنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سپای پاسداران» ده‌ستبه‌سه‌ر کرایەوە و ماوه‌ی ساڵێك و ١٨ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م دەزگا ئه‌منییه‌دا له‌ پادگانی ئه‌لمه‌هدیی سپای پاسدارانی ورمێ، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ له‌ژێر لێپرسینه‌وه ‌و ئه‌شكه‌نجەی ڕۆحی و جه‌سته‌ییدا بوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دوای ٥ مانگ دەستبەسەربوون، لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ دادگاییەکی زۆرکورتی چەند دەقەیی کرا و بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی «ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا» حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سیناریۆیەکی ئەمنیی تازەدا تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا و «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی سپای پاسدارانیان ڕووبەڕووی ئەم زیندانییە سیاسییە کردەوە و بۆ هەرکام لەم دوو تۆمەتە دۆسیەی تازەیان کردەوە کە لە هەردووکیاندا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە. بەڵام ئەم حوکمە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوودا (جولای ٢٠٢١) لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

ناوبراو لە دۆسیەیەکی تر و لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩دا (ژانڤییەی ٢٠٢١) بە تۆمەتی «کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی ورمێوە حوکمێکی لەسێدارەدانی دیکەی بۆ دەرچوو. ئەم حوکمە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە لە قوم وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوودا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) ڕووبەڕووی ناوبراو کراوەتەوە.

دەوترێت ناوبراو کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) بە شێوەی غیابی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. بەڵام تا ئێستا دۆخی ئەم دۆسیەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و لێپرسەوە ئەمنییەکانی سپای پاسداران لە کاتی ڕاگرتنیدا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران وتوویانە سەرلەنوێ دادگایی دەکرێتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا (ئاگۆستی ٢٠٢١) و دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانییانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.