بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

ـ لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠١دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان ٣ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون. لانیکەم ٢٠ کۆڵبەریش کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە و بریندار بوون. ئەم کۆڵبەرانە بە هۆی قورسبوونی برینەکانیانەوە ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان کراون و ژمارەیەکیان هێشتا هەر لە نەخۆشخانەدان.

ـ لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠١دا لانیکەم ٥٣ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. 

زۆربەی ئەم کەسانە لەبەر بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستان و بە تایبەت لە سنە، پیرانشار و شنۆ دەستبەسەر کراون. هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش دەستپێکردنی نەورۆز لەڕێی بانگهێشتکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان و چالاکانێکەوە کە وەک ساڵانی پێشوو بەتەمای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز بوون، لەسەر بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمانە هەڕەشەیان لێ کردبوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دامودەزگا دەوڵەتییەکان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام، بەڕێوەبردنی هەرچەشنە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریی نەورۆزیان مەرجدار کردبوو بە وەرگرتنی مۆڵەتی ڕەسمی لە فەرمانداری (قایمقامییەت)ـەکانەوە. لە ڕەوتی وەرگرتنی مۆڵەتدا بەڕێوەبەران ناچار دەکران بەڵێننامەی نووسراو واژۆ بکەن کە ڕێگری دەکەن لە بەکارهێنانی هێما کوردییەکانی وەک جامانە، گوڵی سوور، لەچکی سپی و هەروەها بڵاوکردنەوەی گۆرانیی شاد و سروودی حەماسی و هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەک لە ڕێوڕەسمەکاندا. هەروەها لەم بەڵێننامانەدا داوا لە بەڕێوەبەران کرابوو لە ڕێوڕەسمەکاندا ئاڵا و هێماکانی کۆماری ئیسلامی بە کار بهێنن.

هەرچەند ئەمساڵ لەژێر زەخت و گوشاری دامودەزگا دەوڵەتی و ئەمنییەکاندا لە زۆرێک لە شار و گوندەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی نەورۆز هەڵوەشایەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش گرووپی خۆڕێکخراوی خەڵک توانییان بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز بەڕێوە ببەن. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم ڕێوڕەسمانە لانیکەم لە ٣٠ شار و گوندی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک بەڕێوە چوو.

ـ لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠١دا لانیکەم ٢٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن دادگاکانی گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشانەوە بە تۆمەتی سیاسی حوکمی بەندکرانیان لە ٩١ ڕۆژەوە تا ٨ ساڵ بەسەردا سەپاوە.

ـ لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠١دا لانیکەم ١ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ئەراک بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە سڕکەرەکان»ـەوە لەسێدارە دراوە. ئەمە تەنها حاڵەتێکە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی لەڕێی سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی خۆیەوە جێبەجێکردنی حوکمەکە پشتڕاست بکاتەوە. پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەیش زیاتر بێت.

ـ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی میلاد جەعفەری ٢٥ ساڵان، کە لە ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەدا (٧ی ئاوریل) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە سڕکەرەکان»ـەوە لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دەستبەسەرگەیەکی ئەم دەزگا سەربازییەدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە. بنەماڵەکەی ڕایان گەیاندووە ناوبراو بە ئەشکەنجە کوژراوە.

کەسێکی نزیک لە میلاد جەعفەری بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هێزی ئینتیزامی سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی ئاماژەی بە هەندێ هۆکاری جیاوازی وەک «خۆکوشتن» و «بەربوونەوە لە بەرزاییەوە» لە کاتی دەستبەسەرکردندا کردووە. بەڵام لەو وێنانەی تەرمەکەیدا کە لە پزیشکیی داد نیشانی باوکی دراوە، ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر جەستە و ئاسەواری خوێنلەبەرچوون لەسەر دەموچاوی دیار بووە».

ـ لە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەدا (١٣ی ئاوریل) زیندانییەکی کورد بە ناوی محەممەد درەفشی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ٨ ساڵ نادیاربوونی چارەنووسیدا لە زیندانی ماکۆ ئاگری لە جەستەی خۆی بەر داوە. ناوبراو لەبەر قورسبوونی سووتانەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و دوای حەفتەیەک گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان.

ـ لە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوەدا (٢٩ی مارس) دوو زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ورمێ بە ناوەکانی شاکر بێهرووز و نایب عەسکەری بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست گواستنەوەیاندا لە بەندی زیندانییانی سیاسییەوە بۆ قەرەنتینە و بەندی ٢،  مانیان لە خواردن گرت. ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستپێکردنی مانگرتنەکەوە مافی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەیان لێ زەوت کرابوو و گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

نایب عەسکەری لە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەدا (١٢ی ئاوریل) و شاکر بێهرووز لە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەدا (١٦ی ئاوریل) دوای گوازرانەوە بۆ ناو بەند کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان لەم ماوەیەدا بە هۆی مانگرتن و مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا لەڕووی تەندروستییەوە لە دۆخێکی ناجێگیردا بوون.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: