بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا کۆڵبەرێک بە ناوی ئاکۆ ڕەسوولی بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی بانە کوژراوە.

لانیکەم ١١ کۆڵبەریش کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بوون و ٢ کۆڵبەری تریش لە لایەن ئەم هێزانەوە ئەشکەنجە کراون. کۆڵبەرێکی تریش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بووە.

هەر لەم مانگەدا دوو کاسبکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکاندا کوژران و بریندار بوون. کاسبکارێکی کوردیش دوای دەمەقاڵەکردن لەگەڵ ئەندامێکی هێزەکانی یەکەی سنووریدا لە ناو گومرگی بازرگان، کەوتە بەر دەسڕێژی ئەو کەسە و بریندار بوو. هەروەها بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی سووتەمەنیدا لە گوندی سنووریی «هانەگەرمەڵە»ی سەر بە نەوسوودی پارێزگای کرماشان، دوو کاسبکار بە ناوەکانی میلاد کەریمی ١٨ ساڵان و پوویا محەممەدعەزیزیان ١٦ ساڵن گیانیان لەدەست دا.

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا لانیکەم ٥٥ هاووڵاتی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان و چالاکی مەدەنی لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

زۆربەی دەستبەسەرکراوان لە چالاکانی پیشەیی بواری کرێکاران و مامۆستایانن کە لەبەر گردبوونەوەی ناڕەزایی کرێکاران و مامۆستایان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران و مامۆستایانیان لەبەر ڕێکخستن یان بەشداریکردن لەو گردبوونەوانەدا بانگهێشت کردووە و خستوونیانەتە ژێر لێپرسینەوە.

تەنها لە دواحەفتەی جۆزەرداندا لانیکەم ٣٦ چالاکی پیشەیی مامۆستایان لە شارەکانی سەقز، دیواندەرە، مەریوان، سنە و کرماشان دەستبەسەر کراون. لە کۆی ئەم کەسانە هێشتا ٢٣ چالاکی پیشەیی مامۆستایان دەستبەسەرن و ئازاد نەکراون.

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا ئۆتۆمبێلی زیندانییەکی سیاسیی پێشووی کورد و لە ئەندامانی ڕێکخراوەی خەباتی کوردستانی ئێران بە ناوی ئەکبەر سەنجابی لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان تەقیوەتەوە و ناوبراو بریندار بووە.

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی فیرووز مووسالوو کە پێشتر بە تۆمەتی «بەغی» لەڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە شێوەی نهێنی لە سێدارە درا. هەروەها لانیکەم ١١ زینداینی کورد لە زیندانەکانی ورمێ، کرماشان، ئیلام و ڕەجایی شاری کەرەج بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و مادە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون.

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ٨ بەندکراو لە زیندانی تارانی گەورە کرد.

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا ژنێک بە ناوی سەرگوڵ ئەکبەری ٤٢ ساڵان، دایکی سێ منداڵ و دانیشتووی گەڕەکی حەسەنئاوای سنە بە هۆی ئەو شتەوە کە «کێشەی خێزانی»ی پێ دەوترێت، بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا.

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا لانیکەم هاووڵاتییەکی کورد بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا سەربازێکی خەڵکی ئەهەر بە تەقینەوەی مین لە بنکەیەکی سنووریدا لە سەردەشت گیانی لەدەست دا.

ـ لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١دا لانیکەم ٦ کرێکاری کورد بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: