بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (مارس و ئاوریلی ٢٠٢٣):

ـ لانیکەم ١٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و خوراسانی ڕەزەوی بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. یەک لەم کەسانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی قوروە کراوە، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

ـ لەم مانگەدا زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی نایب عەسکەری لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە و مامۆستایەکی ئایینیی کورد و هاووڵاتییەکی تریش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشان و دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای بەندکران و سزای تەواوکەریان بەسەردا سەپاوە.

ـ لانیکەم سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی بێهزاد عەزیزی، ئازاد ڕەزایی و عەینوڵڵا قادرنژاد بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ یان نەبوونی بەڵگەنامەی ئۆتۆمبێل، لە جادە و شەقامی شارەکانی بانە، شنۆ و کرماشان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران و پۆلیسی ئینتیزامییەوە و کوژراون.

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان، دوو کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا کەوتوونەتە ناو ئاوبەندی عەباسئاواوە و خنکاون، تەرمی ئەم دوو کۆڵبەرە پاش ١٠ ڕۆژ گەڕان لە لایەن کەسانی خۆبەخشەوە دۆزرایەوە. هەروەها کۆڵبەرێکی تریش بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بریندار بووە.

ـ ژنێکی کورد بە ناوی مریەم سلێمانی، ٢٨ ساڵان و دایکی ٣ منداڵ، لە گوندێکی شاری خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکەی کوژراوە. ئەمە تەنها حاڵەتی ڕاگەیەنراوی ژنکوشتن لەم مانگەدا بووە.

ـ هاووڵاتییەک لە بەرزاییەکانی سەرسنووری شاری بانەی پارێزگای کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بووە. هەروەها فەرمانبەرێکی کۆمپانیای هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە قورسی بریندار بووە و ئەندامی جەستەی پەڕیوە.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: