بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،

لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (مەی و ژوەنی ٢٠٢٣)

ـ لانیکەم ٧٠ هاووڵاتی و لەوانە بنەماڵەی دادخوازان و هەروەها چالاکانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و خووزستان، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەرداندا (٩ی ژوەن) لانیکەم ٤٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان کە بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردواندا سەردانی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە دەروازەی شاری بۆکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. زۆربەیان دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران، بەڵام ٦ کەسیان و هەروەها دوو شۆفیرەکە دوای چەند ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

هەروەها لە نێو دەستبەسەرکراوانی تری ئەم مانگەدا ٢ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

ـ لانیکەم ١٦ هاووڵاتی، چالاکوان و مامۆستای ئایینیی کورد لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان و دادگای شۆڕشی ئیسلامی و گشتیی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، تاران و ئیلامەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان، کۆڵبەرێکی کورد بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە، کۆڵبەرێکیش بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان گیانی لەدەست داوە و هەروەها ١٦ کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داکەوتن لە بەرزاییەوە بریندار یان تووشی زەبری قورس بوون.

ـ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ١٣ بەندکراوی تۆمار کردووە کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» یان تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو و لە زیندانەکانی سنە، کرماشان، کەرەج، ورمێ، مەشهەد و شیراز لە سێدارە دراون.

ـ لانیکەم ٣ ژنی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام و کوردستان بە دەستی ئەندامانی بنەماڵە و بە هۆکاری «نامووسی» یان «کێشەی خێزانی» کوژراون.

ـ لانیکەم ٢ کرێکار بە ڕووداوی کار لە شارەکانی دیواندەرە و ورمێ گیانیان لەدەست داوە.

ـ لەم مانگەدا مەرگی گوماناویی دوو خوێندکاری کورد بە ناوەکانی بامشاد سلێمانخانی و مەنسوورە سەگوەند، خەڵکی ئاودانان و خوڕەمئاوا، لە شاری ئاوداناندا ناڕەزایەتیی گەورە و بەربڵاوی لێ کەوتەوە. لە رێکەوتی ١١ی جۆزەرداندا (١ی ژوەن) بازاڕیان و کاسبکارانی شاری ئاودانان لە پەرچەکردارێکدا دژ بە مەرگی گوماناویی بامشاد سلێمانخانی مانیان گرت و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ و لە خۆپیشاندانی جەماوەریدا لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

ـ سوپای پاسداران لە رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانەوە (١٢ی ژوەن) لە ناوچەکانی کوێستانی کۆساڵانی شاری سەوڵاوا و گوندەکانی دەوروبەری مەریوانی پارێزگای کوردستان، دەستی کردووە بە مانۆڕێکی سەربازی لەژێر ناوی «موحەڕەم»دا. مانۆڕەکە تا ئێستایش بەردەوامە و لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سوپای پاسداراندا بەشێکی گەورەی ناوچە پارێزراوەکانی کۆساڵان سووتاون. سوپای پاسداران بە دروستکردنی جادە و سەربازگەی نوێ لە بەرزاییەکانی زنجیرەکوێستانی کۆساڵاندا بەشێکی بەرچاوی ئەم ناوچە ژینگەپارێزراوەی کاول کردووە و ڕێگری لە هاتوچۆی ئەو گوندنشینانەش دەکات کە لە ناوچەکەدا سەرقاڵی ئاژەڵداری و هەنگدارین.

هاوکات لەگەڵ ئەم مانۆڕەدا، ڕەوانەکردنی بەربڵاوی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی شنۆ، پیرانشار و بانەیش درێژەی هەیە و لەم ماوەیەدا دوو جار ناوچەی «بورئالان»ی ماکۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە چڕی تۆپباران کراوە.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: