ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ (١٤ی ئاگۆست) ٢ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی لوقمان سوخەنوەر و هۆشیار قادری، ١٧ ساڵان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ (١٤ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان لە بازاڕی پیرانشاردا ئۆتۆمبیلەکەی هاووڵاتییەکی خەڵکی «شیناوێ» بە ناوی لوقمان سوخەنوەریان ڕاگرتووە و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەر لە گوندی شیناوێی پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی منداڵێکی ١٧ ساڵان بە ناوی هۆشیار قادری و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، ئەم منداڵەیشیان دەستبەسەر کردووە.

لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتیانە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.