لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «بەفرەوان»ی مەهاباد بە ناوەکانی ئەرسەلان خەیری، مامل شەریفی و هیوا ڕاەنشین لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست) ٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «بەفرەوان»ی مەهاباد بە ناوەکانی ئەرسەلان خەیری و مامل شەریفی بەبێ مۆڵەتی یاسایی لەم گوندەدا دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها ڕۆژی ڕابردوو هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەم گوندەیش بەناوی هیوا ڕاەنشین لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە ٥ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ، مەهاباد و سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ٢ کەس لەم دەستبەسەرکراوانە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون بەڵام لەسەر چارەنووسی ئەو ١٦ هاووڵاتییەکەی تر هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.