لە ڕۆژانی ڕابردوودا تەوحید دەروێش، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تەورێز لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا (سێپتامبری ٢٠٢٢) دەستبەسەر کرا و تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسی خۆیدا هەوڵی خۆکوشتنی داوە. بەشێک لە ملی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوشتندا لە ڕێی «شتێکی تیژ»ـەوە هەڵدراوە و دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەکەی ناو زینداندا پانسمان کراوە، گەڕاندوویانەتەوە بۆ ناو بەند.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەرداندا (١٤ی ژوەن) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تەورێز بە تۆمەتی «موحارەبە» بەڕێوە چووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە و تەوحید دەروێش لە هەلومەرجی سەختی زیندانی ناوەندیی تەورێز لە دۆخێکی نادیار و ناڕووندا دەژی.

ئەم هاووڵاتییە کوردە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسی خۆی لە زینداندا لە ڕێی «شتێکی تیژ»ـەوە هەوڵی داوە دەماری ملی خۆی ببڕێت، بەڵام ژمارەیەک لە هاوبەندییەکانی ڕێگرییان لێ کردووە و لە حاڵێکدا کە لە لای ملیەوە تووشی خوێنلێچوون ببوو، ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کراوە، بەڵام بەبێ ئەوەی بخەوێنرێت تەنها پانسمانێکی سادەی بۆ کراوە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ ناو بەندەکەی خۆی.

تەوحید (لوقمان) دەروێش لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٢٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تەورێز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. ناوبراو لەم دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەمەڕ «بەشداریکردن لە ئاگردانی بانکی سێپەهدا» خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی تەورێز کرا.

تەوحید دەروێش تەمەنی ٢٧ ساڵ و شۆفێری ئێسنەپ بووە. ناوبراو خەڵکی گوندی «گرناویک»ی شاری خۆی و باوکی دوو منداڵە، بنەماڵەی دەروێش لە بوومەلەرزەکەی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا (فێبرییەی ٢٠٢٠) ماڵەکەیان ڕووخاوە و هەر بۆیە ناچار بوون گوندەکەیان بەجێ بێڵن و لە شاری خۆی نیشتەجێ بن.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەفرانباری پارساڵدا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی تەورێزەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئەهواز و ٥ میلیارد تمەن غەرامە بۆ بانکی بەسەردا سەپابوو. لە ناوەڕاستی ڕەشەمەدا (مارس) لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی پارێزەرانی ئەم زیندانییە سیاسییە، تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەر لابرد و دوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕەوانەی بەردەم لقی هاوتەریبی دادگا کرد.