بابەک کەریمی، هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری ئەیوانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئیلام، بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» بانگهێشتی بەردەم لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئەم شارە کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەپێی بانگهێشتنامەکە، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٥ی خەرمانان (٢٧ی ئاگۆست) بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئەیوانی ڕۆژئاوا بەڕەوە دەچێت.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر و لە دۆسیەیەکی دیکەیش لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا (جولایی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە ڕیز سزای ٥ ساڵ، ٢ ساڵ و ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری ئەیوانی ڕۆژئاوای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە لەو ماوەیەدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەریی خۆیدا دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو.