بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ٢٧ی رەزبەر/ 09.18 پۆلێک کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچەی سنووری کانی خودای سەر بە پیرانشار کەوتنە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی و بەم هۆیەوە دو کۆڵبەر بریندار بوون.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە لەلایەن سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤەوە “بەهمەن چریک” خەڵکی مهاباد و “خالید” خەڵکی پیرانار ڕاگەیەندراوە و دەگوترێت بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی گوازراونەتەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانیی هەرێمی کوردستان.

جێگای ئا ماژەیە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەم دوو کۆڵبەرە بریندراە دەست نەکەوتوو.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، رۆژی ٢٥ی رەزبەر/ 10.16 لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور لە بەرزاییەکانی سیارەک ورمێ کاسبکارێک بریندار بووە.

سەرچاوەیەک لە ورمێوە ناوی ئەم کاسبکارەی تاهیر باقی، تەمەن ٢٧ ساڵ راگەیاند.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆکراونەتەوە، لە سەرەتای مانگی رەزبەرەوە تا ئێستا بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکان، لانیکەم چوا کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ١١ی دیکەش بریندار بوون. هەر لەو ماوەیەدا کۆڵبەرێکیش بە هۆی تەقینەوەی مین کەم ئەندام بووە.

وێنەی دوو کۆڵبەرە بریندارەکە لە کاتی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی چۆمان لە باشووری کوردستان