ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە (٦ی ئاوریل) کۆڵبەرێکی خەڵکی سنە بە ناوی فەردین وەیسی لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێکی خەڵکی سنە بە ناوی فەردین وەیسی بە سەختی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە کە سک و دەستی بە گوللەی ساچمە پێکراوە، بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠٢دا لانیکەم ٣٩ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان گیانیان لە دەست داوە. لەم ژمارەیە، ٢٧ کۆڵبەر، لەوانە منداڵێک، بە تەقە و دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەک کەسیش بە دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق کوژراون. هەروەها کۆڵبەرێک لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ئێراندا کوژراوە و تەرمەکەی لە بەرزایی شاخێکەوە فڕێ دراوەتە خوارەوە.

هەروەها لانیکەم ٣٥٦ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٣١١ کەس کە ١٥ کەسیان منداڵ بوون، بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ٨ کەس بە ئەشکەنجە و لێدان، ٦ کەس بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکاندا و ٥ کەسیش بە دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق بریندار بوون. هەروەها ١١ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ، ٩ کەس بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە و ٦ کەسیش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بوون.