ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوە (٢٨ی مارس) پێنج کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییە سنوورییەکانی «تەتە»ی هەورامانەوە داکەوتن. لەم ڕووداوەدا کۆڵبەرێک بە ناوی شۆڕش شوکری، خەڵکی مەریوان، گیانی لە دەست دا و ٤ کۆڵبەرەکەی تریش بریندار بوون.

هاوکات کۆڵبەرێک بە ناوی ئەبووبەکر ماخووزی فەرد بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییە سنوورییەکانی «دەشتی وەزێنە»ی سەردەشتەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ٩ی خاکەلێوە (٢٨ی مارس) دەستەیەک کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییە سنوورییەکانی «تەتە»ی هەورامانەوە داکەوتن و لانیکەم ٥ کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون.

یەکێک لەم کۆڵبەرانە بە ناوی شۆڕش شوکری، خەڵکی گوندی «ئاڵمانە»ی مەریوان، لە کاتی گوازرانەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکاندا بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا و ٤ کۆڵبەرەکەی تری خەڵکی مەریوانیش بە هەلیکۆپتەر و ئامبوڵانس گوازرانەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی کرماشان و پاوە.

تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ٤ کۆڵبەرە بریندارەکەی تر بەردەست نەکەوتووە.

هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی «میراوێ»ی سەردەشت بە ناوی ئەبووبەکر ماخووزی فەرد لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییە سنوورییەکانی «دەشتی وەزێنە»ی سەردەشتەوە کەوتە خوارەوە و گیانی لە دەست دا.