شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە (١٣ی ئاوریل) دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئومید سەعیدی و مێهرداد عەبدوڵڵازادە لە ناوچە سنوورییەکانی «بستام»ی شاری سەقز و «بێتووش»ی شاری سەردەشت بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو دەستەیەک کۆڵبەر لە بەرزاییە سنوورییەکانی گوندی «بێتووش»ی سەردەشت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێکی ٢٠ ساڵانی خەڵکی گوندی «مارغان»ی ئەم شارە بە ناوی مێهرداد عەبدوڵڵازادە دوای پێکران بە گوللە لەسەر شاخەکەوە داکەوت و گیانی لە دەست دا.

هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی سنە بە ناوی ئومید سەعیدی لە ناوچەی سنووریی «بستام»ی سەقز کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و کوژرا. هێزە سنوورپارێزەکان دوای ئەوەی تەقەیان لێ کردبوو هەر لەوێ بەجێیان هێشتبوو و دوای چەندین کاتژمێر کێوماڵ و گەڕانی خەڵکی خۆبەخش، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لەو ناوچە سنوورییەدا دۆزرایەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە (نەورۆز) تا ئێستا ٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی نەوسوود و بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون. هەروەها ٥ کۆڵبەری دیکەیش بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا، جەڵدەی دڵ و داکەوتن لە بەرزاییەوە گیانیان لە دەست داوە.