ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکدا باس لە بەردەوامی دەستبەسەربوونی نایاسایی کەمال حەسەن ڕەمەزان سۆلۆی ٣٠ ساڵە دەکات کە بەندکراوێکی کوردی خەڵکی سووریایە و لە بەندیخانەی ورمێدایە. بە وتەی ئەم ڕێکخراوەیە کە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، کەمال ڕەمەزان لە حاڵێکدا لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە لە زینداندایە کە وەزارەتی ئیتڵاعات ئامادە نییە دان بە ناسنامەی ڕاستەقینەیدا بنێت و ئێستا مەترسیی لەسێدارەدانی نایاسایی لەسەرە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەم بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە کاربەدەستانی ئەمنیەتی ئەو بەندکراوەیان ئەشکەنجە کردووە و لە ڕێگەی چەندەها جۆری هەڵسوکەوتی نەشیاوەوە هەوڵیان داوە ناچاری بکەن دان بەوەدا بنێت کە لە هێرشێکی چەکداریدا بەشدار بووە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو هیچ ڕۆڵێکی لەو ڕووداوەدا نەبووە. بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، کەمال ڕەمەزان لە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٩دا براوەتە دەستبەسەرگەیەکی ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ئیتڵاعات و بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ لە ژوورێکی تاکەکەسیدا و دوور لە هەرچەشنە پێوەندییەک لەگەڵ دونیای دەرەوەدا ڕاگیراوە و خراوەتە ژێر ئەشکەنجە و چەندەها جۆری هەڵسوکەوتی نەشیاو و خراپەوە.
لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا وتراوە کە بەرپرسانی وەزارەتی ئیتڵاعات بە درۆ ڕایانگەیاندووە کە کەمال حەسەن ڕەمەزان سۆلۆ لە ڕاستیدا پیاوێکە بە ناوی “کەمال سوور” کە لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٠ و لە دادگایەکی غیابیدا، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هێرشێکی چەکداریدا کە لە گەلاوێژی ١٣٨٥دا ڕووی داوە، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە. بەرپرسانی ئێران «پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)»، کە گرووپێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێرانە، بە هۆکاری ئەو هێرشە ئەزانن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێ دوو جار، جارێک لە خەرمانانی ١٣٩٦ و جاری دووهەم لە جۆزەردانی ١٣٩٩دا، ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسە هەمان “کەمال سوور” نییە. کەچی سەرەڕای ئەم بڕیارە دادوەرییەش وەزارەتی ئیتڵاعات هێستا بێبەزەییانە دەیهەوێ هەر لە سێدارەی بدات. بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کۆی کردۆتەوە، لەم سێ ساڵەی ڕابردوودا کاربەدەستانی وەزارەتی ئیتڵاعات چەندەها جار پێوەندیی ئەو بەندکراوەیان لەگەڵ دونیای دەرەوەدا بڕیوە و خستوویانەتە ژێر خراپترین جۆری هەڵسوکەوت و ئەشکەنجەوە، لەوانە مست و لەقە و قامچی بە کێبڵ، ئەمەش بەو مەبەستەی ناچاری بکەن دان بەوەدا بنێت کە “کەمال سوور”ـە.
کەمال حەسەن ڕەمەزان سۆلۆ یەکەم جار لە ٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ و لە داوێنی چیای قەندیل لە نزیک سنووری نێوان ئێران و ئێراق دەستگیر کرا. لە گەلاوێژی ١٣٩٣دا لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ورمێوە حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە کە دواتر کەم بوویەوە بۆ حەوت ساڵ و نیو. تۆمەتی ناوبراو بریتی بوو لە پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی ناوخۆی ئێران و ئەندامێتی لە «پارتی کرێکارانی کوردستان (پکک)»دا کە گرووپێکی کوردی دژ بە حکوومەتی تورکیایە.
لە گوڵانی ساڵی ١٣٩٦ و لە حاڵێکدا کە کەمال حەسەن ڕەمەزان سۆلۆ سەرقاڵی تێپەڕاندنی حوکمی زیندانەکەی بوو، لەپڕ پاسەوانانی بەندیخانە ئاگاداریان کردەوە کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە، چونکوو بەرپرسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو هەمان “کەمال سوور”ـە. ناوبراو دەبوو دوای بەخشینی بەشێکی حوکمە سەرەتاییەکەی، لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە زیندان ئازاد کرابا، بەڵام وەزارەتی ئیتڵاعات تا ئیشتاش بە شێوەی نایاسایی بەری بە ئازادبوونی گرتووە.
لێبوردنی نێونەتەوەیی: هەڕەشەی لەسێدارەدان و بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی نایاسایی بەندکراوێکی کوردی سووری
دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای میاندواو
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «حاجی حەسەنی شامات»ی سەر بە شاری میاندواو بە ناوەکانی موحسین قادرڕەش و ئومید...
زیاتر بخوێنەوەڕەتکردنەوەی داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی ڕەزا ڕەسایی لە دیوانی باڵای ئێراندا
لقی یەکەمی دیوانی باڵای ئێران داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی ڕەت کردەوە. دیوانی باڵای ئێران بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێشە...
زیاتر بخوێنەوەلە هەمەدان زیندانییەک لە سێدارە درا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی ئەکرەم کەریمپوور کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ...
زیاتر بخوێنەوە