ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەشەمە (٣ی مارس) دوو بەندکراوی تاوانە ئاساییەکان بە ناوەکانی تەوحید غەزنەوی و سەجاد خوداجوو، دوای ئەشکەنجەدران لە لایەن ئەکبەر ماهیریی سەرۆکی بەندی ٢-١ی زیندانی ناوەندیی ورمێوە، ڕەوانەی بەندی ئەمن (پارێزاو)ی زیندانەکە کراون. هاوکات دەیان پاسەوانی هێزەکانی گاردی زیندان هێرشیان کردووەتە سەر بەندی ٢-١ و دوای پشکنینی بەندەکە کەلوپەلێکی زۆری بەندکراوانیان لە ناو بردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نامەی سەرئاوەڵای زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ دەست‌لەکارکێشانەوەی پەیمان خانزادەی سەرۆکی ئەم زیندانە، گوشار و ئەشکەنجەی سەر زیندانییەکان زیادی کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە دوو بەندکراو بە ناوەکانی تەوحید غەزنەوی و سەجاد خوداجوو دوای ئەوەی ناڕەزاییان لە بارودۆخی خۆیان دەربڕیوە، لە هۆڵی سەرەکیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا لە لایەن ئەکبەر ماهیریی سەرۆکی بەندی ٢-١ و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجە دراون و گوازراونەتەوە بۆ بەندی ئەمن (پارێزراو)ی زیندانەکە.

پاش ئەوەیش بە فەرمانی پەیمان خانزادە، هێزەکانی گاردی زیندان هەڵیانکوتاوەتە سەر بەندی ٢-١ و دوای پشکنین و شێواندنی کەلوپەلەکانیان، بێڕێزی و سووکایەتییەکی زۆریان بە بەندکراوان کردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ داوایان کردبوو پەیمان خانزادەی سەرۆکی ئەم زیندانە لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.

لەم نامەیەدا زیندانییەکان ڕایان گەیاندبوو کە لەم حەفتانەی دواییدا چەندین بەندکراو وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر دۆخی دژواری زیندانەکەدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

چەند ئەندامێکی بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا باسیان لە پەرەسەندنی گوشار و هەڕەشەی سەر زیندانییە سیاسییەکانی ئەم بەندیخانەیە کرد.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، بە هۆی گوشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە و بەتایبەت نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناو زینداندا و هەروەها سەرۆکی زیندان، زیندانییە سیاسییەکان لە بەندی سەرووئەمنیی ئەم زیندانە لە دۆخی ئیزۆلە و دابڕاودا و بەبێ مافی بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ڕاگیراون: «سەرەڕای ئەوەی چەندین زیندانیی سیاسی لە دۆخێکی جەستەیی و تەندروستیی زۆر خراپدان، بە فەرمانی دامودەزگا ئەمنییەکان و سەرۆکی زیندان لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، مۆڵەتی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کراون».

ڕۆژی ٧ی ڕەشەمە (٢٦ی فێبرییە) شاهین گەلەداری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی «هەکی»ی شاری ورمێ کە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی تێدەپەڕاند، بە هۆی گوشار و ئەشکەنجەی لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستی دایە خۆکوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوشتن و گیانلەدەستدانی شاهین گەلەدای، ڕۆژی ٩ی ڕەشەمە (٢٨ی فێبرییە) هێزەکانی گاردی زیندان بە فەرمانی پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و دوای شێواندنی کەلوپەلەکانیان، کەوتنە پەلاماردان و ئەشکەنجەدانی ژمارەیەک لە زیندانییەکان.

هاوکات لەگەڵ هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زینداندا، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دابوو و لە لای قاچەوە سووتابوون.