زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان کردووە پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە، لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.

لەم نامەیەدا کە نوسخەیەکی بە مەبەستی بڵاوکردنەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، بەندکراوان ئاماژەیان بە ئازاردانی زیندانیان و بنەماڵەکانیان لە لایەن سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێوە کردووە و وتوویانە کە بە هۆی ئەم گوشار و ئازارانەوە چەندین بەندکراو لەم مانگانەی دواییدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

لە سەرەتای نامەی ئەم بەندکراوانەدا نووسراوە: «ئێمەی بەندکراوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە هەرکامەمان بە تۆمەتێکی جیاوازەوە سزای بەندکرانمان بۆ بڕاوەتەوە و قۆناغی بەندکرانەکەمان لەم زیندانەدا تێدەپەڕێنین، بە هۆی گیروگرفتی خۆمان و بنەماڵەکانمانەوە کەوتووینەتە دۆخێکی دژوارەوە و مانەوە لە زینداندا بۆمان بووەتە شتێکی تاقەتپڕووکێن و ئەستەم. کێشەکە لەوەدایە کە خودی سەرۆکی زیندان، پەیمان خانزادە، نەتەنها کێشە بۆ بەندکراوان دروست دەکات بەڵکوو لە هەندێ حاڵەتدا بنەماڵەکانیش ئاوێتەی کێشەکان دەکات».

ئەم بەندکراوانە لە درێژەدا ئاماژە بە خۆکوشتنی زیندانییەکی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە بە ناوی ئەمیر شەهبازیفەر دەکەن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە گوشارەکانی سەرۆک و بەرپرسانی زیندان هێندە زۆرە کە خودی زیندانییەکە بڕیار دەدات خۆی بکوژێت: «ئەمیر شەهبازیفەر چەند حەفتە لەمەوپێش و سەرەڕای ئەوەی ڕەزامەندیی هەرهەموو سکاڵاکارەکانی وەرگرتبوو و شتێکی ئەوتۆ بە ئازادبوونی نەمابوو، لە هەوڵێکی خۆکوشتندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەمیر پێش خۆکوشتن لە نامەیەکدا بۆ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندبوو کە هۆکاری خۆکوشتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندان و هەروەها بەرپرسی بەندی یەک و دوو، ئەکبەر ماهیری».

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم حەفتانەی دواییدا بە هۆی ئەو بەربەست و زەخت و گوشارانەوە کە سەرۆکی زیندان دروستی کردوون، حاڵەتەکانی خۆکوشتن بە شێوەیەکی بەرچاو و نیگەرانگەر زیادی کردووە و تا ئێستا بەرپرسانی ئیدارەی گشتیی ڕێکخراوەی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هیچ وەڵامێکیان بە داخوازییەکانی بەندکراوان بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەداوەتەوە.

بەندکراوان لە نامەکەیاندا دۆخی بەندە جیاوازەکانی زیندان، لەوانە «ژوورە تاکەکەسییەکان» و «بەندی پاک»یان بە کارەساتبار ناوزەد کردووە و دەڵێن: «زیندانی ناوەندیی ورمێ ٦ سویتی تاکەکەسیی هەیە، بەڵام لە هەندێ کاتدا زیاتر لە ٦ بەندکراو دەکرێنە ناو هەر ژوورێکەوە، لە ئاوا دۆخێکدا ئیمکانی خەوتن و تەنانەت هەناسەکێشانیش زۆر دژوار دەبێتەوە. ئەو بەندکراوانەی بە هۆکاری جیاوازی وەک مانگرتن لە خواردن و بۆ سزادان دەبرێنە ژوورە تاکەکەسییەکان، لەبەر دۆخی دژواری بەندەکە، نەبوونی حەمام و حەوشەی هەواخۆری و لێدان و ئەشکەنجەی زیندانبانەکان کە بە دەستووری سەرۆکی زیندانە، لە دۆخێکی کارەساتباردان و کەسیش دەنگیان نابیسێت».

لە درێژەی نامەکەدا نووسراوە: «هەروەها بەندێکی تریش لە زیندانەکەدا هەیە بە ناوی بەندی پاک کە لە ڕاستیدا بۆ ڕاگرتنی ئەو بەندکراوانە بە کار دەهێنرێت کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژووری تاکەکەسیدا بوون و تەسلیمی خواستەکانی سەرۆکی زیندان نەبوون، ئەم کەسانە بۆ درێژەی سزادان دەگوێزرێنەوە بۆ ئەو بەندە. ژمارەیەک لەم کەسانە لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە هۆی گوشارەکان و دۆخی دژواری مانەوە لە سویت و بەندی پاکدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و چەند مانگ جارێک تەرمی زیندانییەک ڕادەستی بنەماڵەیەکی ئازیەتبار دەکرێتەوە. هەموو جارێکیش لەبەر زەخت و گوشارەکان هیچ هەواڵێک لەسەر خۆکوشتنەکان ناگاتە ئەودیوی دیوارەکانی زیندان. هەر ئێستا زیاتر لە ١٠ بەندکراو کە لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان».

زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە کۆتایی نامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری دۆخی خراپی بەندکراوان لە ناو زیندان و بنەماڵەکانیان لە دەرەوەی زینداندا دەگەڕێتەوە بۆ سەرپێچییەکانی بەڕێوەبەری زیندان و داوایان کردووە لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە: «پەیمان خانزادە دوای ئەوەی وەک سەرۆکی نوێی زیندانی ناوەندیی ورمێ دەستی بە کار کرد، چەندەها جار دەستی داوەتە ئازاردان و گوشارخستنە سەر بەندکراوان و بنەماڵەکانیان و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی ئیدارەی گشتیی زیندانەکان لەم جۆرە هەڵسوکەوتانە، تا ئێستا هیچ پەرچەکردارێکمان لێ نەدیون. هەموو ئەم بابەتانە لەم ماوەیەی ڕابردوو و لە دووتوێی نامەی نووسراودا لە لایەن بەندکراوانەوە بۆ بەڕێز فەتحی، سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوەی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا نێردراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بە نامەکان نەداوەتەوە و لەم ماوەیەدا تەنها دوو جار بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ڕەوتی دروستکردنەوەی بیناکان سەردانی زیندانی ناوەندیی ورمێی کردووە و هیچ ئاوڕێکی لە کێشەکانی بەندکراوان نەداوەتەوە. هەر بۆیە ئێمە وەکوو ژمارەیەک لە بەندکراوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لەبەر ئەو دۆخە دژوارەی پەیمان خانزادە بەسەر بەندکراوانیدا سەپاندووە، داوا دەکەین لە پۆستی سەرۆکایەتیی زیندانی ورمێ دوور بخرێتەوە».