سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) پاسەوانەکان و هێزەکانی گاردی زیندانی ورمێ بە فەرمانی پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانەکە هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و دوای شێواندن و تێکدانی کەلوپەلی بەندکراوان، پەلاماری هەردوو زیندانیی سیاسیی کورد کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمییان دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) نزیک بە ١٠ پاسەوان و ئەندامی هێزەکانی گاردی زیندانی ناوەندیی ورمێ هێرشیان کردووەتە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانە و بە بیانووی بوونی مۆبایل لە ناو بەندەکەدا دەستیان داوەتە شێواندن و تێکدانی کەلوپەلی بەندکراوان و ئەمەش بووەتە هۆی دەنگهەڵبڕین و ناڕەزایی زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکانی ئەو بەندە.

دوابەدوای دەنگهەڵبڕینی ناڕەزاییانەی بەندکراوان و بە فەرمانی خودی پەیمان خانزادە، هێزەکانی زیندان بە باتۆم پەلاماری زیندانییە سیاسییەکانیان داوە و هەردوو زیندانیی سیاسیی کورد کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمی کەوتوونەتە بەر پەلامار و ئەشکەنجەی ئەو هێزانەوە. ئەگەرچی لە ئەنجامی ئەم پەلامارەدا سەری کەیوان ڕەشۆزادە شکاوە، بەڵام بەبێ چارەسەر و دەرمانکردن لەگەڵ کامران قاسمیدا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

هەروەها ئەردەوان تەهووریانیش کە لە سێهەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندایە، بە فەرمانی سەرۆکی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە. ئەم زیندانیی سیاسییە کوردە تەمەن ٦٠ ساڵەیە کە نەخۆشیی دڵ و شەکرەی لەگەڵە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستدا و پێنەدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، لە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەوە (١٥ی ئاوریل) مانی لە خواردن گرتووە.

لەم مانگانەی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵای هاوبەش داوایان کردبوو پەیمان خانزادە لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.

دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە و هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوشتن و گیانلەدەستدانی زیندانیی سیاسیی کورد شاهین گەلەداری لە بەندی سیاسیی زیندانی ورمێدا، ڕۆ ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (٢٨ی فێبرییەی ٢٠٢٤) هێزەکانی گاردی زیندان بە فەرمانی پەیمان خانزادە هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانە و وێڕای شێواندنی کەلوپەلی بەندکراوان، پەلاماری ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان دا. هاوکات لەگەڵ هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زینداندا، زیندانییەکی کورد بە ناوی حەسەن عومەرپوور ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا و لە لای قاچەوە سووتا. هەروەها هاودۆسیەیەکی دیکەیشی بە ناوی ئەشکان عوسماننژاد کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی دابوو، تووشی سووتان ببوو.