له درێژه‌ی شه‌پۆلی نوێی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتییانی كورد له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، شه‌ش هاووڵاتیی دیکە له شاره‌كانی بۆكان، مه‌هاباد و شنۆ له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ١٦ی پووشپه‌ڕ، هێزه‌كانی سه‌ر به ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی بۆكان گوندی «حاجی له‌ک»یان گەمارۆ دا و گۆرانیبێژی كورد «عه‌بدوڵڵا چاوشی»یان دەستبەسەر کرد.
هه‌روه‌ها له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییهكیتری كورد به‌ناوی «جه‌سیم مه‌جنوونی» و چوار هاووڵاتیی خه‌ڵكی شنۆ به ناوه‌كانی «ڕه‌حیم ڕه‌فعه‌ت، ڕه‌حمان تابش، سه‌عید تابناك و ئه‌سكه‌نده‌ر موحه‌ممه‌دپوور» له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. تا هه‌نووكه هیچ زانیارییه‌ك لەسەر هۆکاری ده‌ستبه‌سه‌ركردن و شوێنی ڕاگرتنی ئه‌م شه‌ش هاووڵاتییه كورده لە به‌رده‌ستدا نییە.
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له لایه‌ن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستانه‌وه كۆ كراوه‌ته‌وه، له سەرەتای مانگی پووشپهڕەوە تا ئێستا، لانیكه‌م ١٩ چالاك و هاووڵاتیی كورد له شاره‌كانی سنه، مه‌هاباد، بۆكان، مه‌ریوان، شنۆ و ئیسلام‌ئاوای ڕۆژئاوا له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. له نێو ئه‌م كه‌سانه‌دا ته‌نیا «كاوان كه‌سرایی» به دانانی بارمته ئازاد کراوه و «ئومید موسته‌فاپوور»یش ڕه‌وانه‌ی زیندانی نه‌غه‌ده كراوه، به‌ڵام هیچ زانیارییەک له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و ١٧ دهستبهسهركراوهكهیتر له به‌رده‌ستدا نییه.