ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەلەکشایی ئیلام بە ناوەکانی کامران بادبرووت و فەرەج ئەرسەن لەبەر بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە لە شاری مەلەکشایی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردوون.

دەوترێت ئەم دوو کەسە بە هۆی بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەم شارەدا دەستبەسەر کراون.

ڕێوڕەسمی نەورۆزی شاری مەلەکشایی ئیلام سەرەڕای گوشاری هێزە ئەمنییەکان لە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەدا (٢٦ی مارس) بە ئامادەبوونی سەدان کەس بەڕێوە چوو.