دۆخی تەندروستیی دەیان برینداری خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەران‌کەر ڕاگەیەندراوە

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، سنە و بۆکان کە بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکانەوە برینداربوون، لەناو ماڵی هاوڵاتیاندا چارەسەریی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان بەهۆی دەست نەکەوتنی کەلوپەلی دەرمانی و پزیشکی نیگەران‌کەر ڕاگەیەندراوە.

دەگوترێت ئەو هاوڵاتیانە لە ترسی ئەوەی دەستبەسەربکرێن سەردانی ناوەندە دەرمانی و پزیشکییەکانیان نەکردووە، چونکە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی بریندار پاش ڕۆیشتن بۆ ئەو ناوەندانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گوازراونەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان هەموو ناوەندە دەرمانی و پزیشکییەکانی ئەو شارانەیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و لە هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی هاوڵاتییان بۆ ئەو ناوەندانە دەکۆڵنەوە.

دەیان هاوڵاتی لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ورمێدا بەسەردەبەن

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە ورمێ بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی کە ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر / ١١.١٦ لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا لە ورمێ دەستبەسەرکرابوون، لە ئێستادا لە دەستبەسەرگەکانی پۆلیسی ئاسایش، ئیتلاعاتی سپا و فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا دەستبەسەرن”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی ڕابردوو دوو هاوڵاتی کوردی خەڵکی ورمێ بەناوەکانی “سەلاح قولی¬زادە” و “یاوەر فەرزادی” کە لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرابوون، پاش هەفتەیەک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گوازرانەوە.