ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) کتێبفرۆشیی «ژیرا»ی شاری سنە لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانی شاری سنەوە (ئەماکن) بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» داخرا. ژینا مودەڕیس گورجی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی بواری ژنان، خاوەنی ئەم کتێبخانەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی خاکەلێوە (١٥ی ئاوریل) ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانی شاری سنە (ئەماکن) نامەیەکیان بۆ ژینا مودەڕیس گورجی ناردبوو و ڕایان‌گەیاندبوو کە کتێبفرۆشییەکەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دادەخرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە هێزەکانی ئیدارەی شوێنە گشتییەکانی سنە چوونەتە سەر کتێبفرۆشییەکە و پۆلۆمپیان کردووە.

لە بەڵگەی کۆنووسی پۆلۆمپەکەدا نووسراوە کە ئەم یەکە پیشەییە بەپێی مادەکانی ٢٧ و ٢٨ی یاسای سیستەمی پیشەیی لەبەر «پێشێلکردنی ڕێساکان (ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی)» داخراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژی ڕابردووەوە زیاتر لە ٢٠ دووکان و یەکەی پیشەییی شاری سنە لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانی ئەم شارەوە (ئەماکن) بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» داخراوە.

ژینا مودەڕیس گورجی، خاوەنی کتێبخانەی «ژیرا»، لە ناسراوترین چالاکانی کوردستانە کە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و هەردوو جار تەنها دوای وەرگرتنی بارمتە ئازادیان کردووە.