ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد مەحموودیان و عەلی ئێعجاز بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ئەحمەد مەحموودیان خەڵکی «میرئاوا»ی سەردەشت و عەلی ئێعجاز خەڵکی ماکۆ، لە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانەوە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە سەڵماس دەستبەسەر کرابوون و گواسترابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە پادەگانی ئەلمەهدیی ورمێ. ئەم دوو کەسە دوای ١٦ ڕۆژ لێپرسینەوە، ئەمڕۆ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرابوون.

تۆمەتی ئەم کەسانە «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» ڕاگەیەنراوە.

وێنەکان لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئەحمەد مەحموودیان و عەلی ئێعجاز