ڕۆژی ڕابردوو مامۆستا حسەین عەلیمورادی، بەڕێوەبەری مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی «ئیبراهیم خەلیلوڵڵا»ی سنە، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا. هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) دوو مامۆستای سوننەی کورد بە ناوەکانی فارووق ئەحمەدی و عەبدولقادر قادری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) مامۆستا حسەین عەلیمورادی، بەڕێوەبەری مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی «ئیبراهیم خەلیلوڵڵا»ی سنە، بانگهێشت کراوە بۆ بەردەم دادگای تایبەتی مەلاکان و بە تۆمەتی «شێواندنی ڕای گشتی» دادگایی کراوە. ڕۆژی ڕابردوو بەم مامۆستایە ڕاگەیەنراوە کە سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بۆ دەر چووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) دوو مامۆستای خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەتی سەر بە شاری سەردەشت بە ناوەکانی فارووق ئەحمەدی و عەبدولقادر قادری دوای چوونەدەرەوە لە مزگەوتی «دارولئیسلام»ی گەڕەکی موکریانی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.