ناهید کەمانگەر، خوێندکاری کوردی لقی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان، دوای زیاتر لە مانگێک مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی بەندی گشتیی ئەم زیندانە کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ناهید کەمانگەر لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕدا دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران، دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی گەلاوێژ هاوکات لەگەڵ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیدا ڕەوانەی بەندی گشتیی ئەم زیندانە کراوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتە بەردەست نەکەوتووە کە ڕووبەڕووی ئەم خوێندکارە کوردە کراوەتەوە.

ناهید کەمانگەر کچی زیندانیی سیاسیی کورد حسەین کەمانگەرە کە لە بەفرانباری ١٣٩٧ ـەوە سەرەتا براوەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئینجا براوەتە زیندانی سنە و لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کراوە.

ڕاشید مونتەزیری، چالاکی مەدەنی و هاوسەری ناهید کەمانگەریش هاوکات لەگەڵ دەستبەسەربوونی ناوبراو لە بەفرانباری ١٣٩٧دا دەستبەسەر کرا و دوای چوار مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناهید کەمانگەر لەو کاتەوە کە باوک و هاوسەرەکەی دەستبەسەر کراون چەندەها جار بانگهێشت کرابوو بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیتلاعات و خرابووە ژێر لێپرسینەوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامێرانەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ناهید کەمانگەر، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «خانمی کەمانگەر ڕۆژی دووشەممە دوای ئەوەی چۆتە بنکەی هەواڵگریی ئیتلاعات، بۆ چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە. کاربەدەستە ئەمنییەکان داوایان لێ کردووە هاوکارییان بکات و دژ بە باوکە زیندانییەکەی دانپیانان و قسە بکات، باڵام ئەو ئامادە نەبووە داواکاریی لێپرسەوەکان قبووڵ بکات و هەر بۆیە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناهید کەمانگەر بۆ خۆی هیچ چالاکییەکی سیاسیی نەبووە و وا دیارە لەبەر چالاکییە سیاسییەکانی باوک و هاوسەرەکەی دەستبەسەر کراوە. بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکان یەکێکە لە ڕێوشوێنەکانی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گوشارخستنەسەر زیندانییان و چالاکانی سیاسی.