لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا، ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی واحێد شێخمحەممەدی و فەردین بایەزیدی دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی واحێد شێخمحەممەدیی دانیشتووی گوندی “عەلیئاوا”ی شنۆ و وێڕای دەستبەسەرکردنی ناوبراو، ماڵەکەشیان پشکنیوە. هاوکات فەردین بایەزیدیی خەڵکی شنۆ لە جادەی نەغەدە بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی لە شاری شنۆ گەشتۆتە ١٠ کەس. لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٧٨ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستاندا بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراون.